ئەوە پارتیە سوکایەتی بە هەموو خەڵکی کوردستان دەکات

0

دەربارەی ناوزڕاندنی کەسایەتی سروە عەبدولواحێد لە لایەن پارتیەوە
رێبوار ئەحمەد
ئەو کەمپینەی پارتی بۆ ناوزڕاندن و شکاندنی کەسایەتی سروە عەبدولواحێد بەرێیخستوە، تیرۆری کەسایەتیە و پێویستە لەلایەن رای گشتی و هەموو لایەنگرانی ئازادی رادەربڕینەوە وەڵامی شایستە وەرگرێتەوە و سەرکۆنە بکرێت. پارتی لە چەند شاری کوردستان بە تایبەتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، ریکخستنەکانی خستوەتە سەرشەقام بۆ ناوزڕاندن و تیرۆری کەسایەتی سروە عەبدولواحێد بە تاوانی ئەوەی کە گوایە سوکایەتی بە کەس و کاری “شەهیدان” کردوە. لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی پارتیدا کە هیچ ئازادی و دەرفەتێک نیە بۆ هیچ جۆرە خۆپیشاندانێک دژی ئەو هەموو زوڵم و ستەم و تاڵانکاریەی کە پارتی و حزبەکانی هاوپەیمان و شەریکە دەسەڵاتی بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندویانە، هەرجۆرە دەنگێکی نارەزایەتی بە داپلۆسین وەلام دەدرێنەوە. تەنها خۆپیشاندانی مۆڵەتدراو ئەم سیناریۆ ناشرین و کەرامەت شکێنەیە کە خۆیان بۆ ناوزڕاندنی رەخنەگرانیان بەرپای دەکەن.
بەدەر لەوەی کە سروە عەبدولواحێد کادر و ئەندام پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕانە، وە بەدەرلەوەی کە من هەر هەڵویست و هەر ناکۆکیەیکی قوڵم لەگەل حزبەکەی ئەو هەبێت، ئەم کەمپینی تیرۆری کەسایەتیەی لە دژی ئەو بەرپاکراوە، بە رەوشتێکی تا سەرمۆخ کۆنەپەرستانە و دژە ئازادی و دژەمرۆڤانە دەزانم. هەرکەس ئازادە لەسەر هەر مەسەلە و دیاردە و سیاسەتێک رای خۆی دەربڕێت بەبێ ئەوەی نیگەرانی ئەوە بیت کە حورمەت و کەسایەتیەکەی بکەوێتە بەرامبەر کەمپینی ناوزڕاندن. پارتی دەتوانێ و مافی خۆیەتی بە شێوەی سیاسی و شارستانی و دور لە ناوزڕاندن و لکەدارکردن، وەلامی سیاسی بە بۆچونی نەیارانی خۆی بداتەوە. بەڵام لە جیاتی ئەم شێوە سیاسی و شارستانیە دەستی بردوە بۆ سیناریۆ بەرپاکردن و شکاندنی کەسایەتی نەیارانی.
هەر لایەنێک پۆزی بەرگری لە حورمەتی “کەسوکاری شەهیدان” لێبدات، ناىی پارتی دەم لەم مەسەلەیە بکوتێ. ئەگەر بەراستی باس لە سوکایەتی بێت بە “کەسوکاری شەهیدان” و سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان، ئەوە پارتی لەم مەیدانەدا پێشەوا و بێ رەقیبە و لە ریزی پێشەوەیە. ئەوە پارتی و هاوپەیمانەکانیەتی کە بە تاڵانکردنی داهاتی کۆمەڵگا و زەوتکردنی قوتی هەموو خەڵک و لەوانەش ئەو “کەسوکاری شەهیدانە”ی کە پارتی فرمێسکی تیمساحیان بۆ هەڵدەوەرێنێ، گەورەترین سوکایەتی بەم خەڵکە کردوە. ئەوە پارتی و حزبە شەریکە دەسەلاتەکانیەتی کە هەموو خەڵکی کوردستان و “کەسوکاری شەهیدان” و ئەنفال کراوەکانیشیان دووچاری برسێتی و بێدەرەتانی و زەلیلی کردوە. ئەوە پارتی و شەریکەکانیەتی کە تەنانەت پارەی شیری منداڵ و دەرمانی نەخۆشیان بە تاڵان بردوە.
خودی ئەوە گەورەترین سوکایەتی و یاری کردنە بە هەست و سۆزی “کەسوکاری شەهیدان”، بە خەڵکانێک کە رۆژگارێک رۆڵەکانیان لە ریزی ئەم حزبانەدا گیانیان لەدەست داوە، ئەمرۆش لەلایەن هەر ئەم حزبانەوە قوتیان بڕاوە، لەسەروی ئەوانەوە بە سکی برسی و گیرفانی بەتاڵەوە پەلکێشدەکرێن بۆ سەر شەقام و خۆپیشاندانی فەرمایشیان پێدەکرێت و دەکرێن بە ئامرازی پەردەپۆش کردنی هەر ئەو سیاسەتە قەرەقوشیەی کە قوتی زەوت کردون. گەورەترین سوکایەتی ئەوەیە کە هەموو خەڵکی کوردستان بەو “کەسوکاری شەهیدانە” ی کە پارتی سنگیان بۆ دادەرێت، زەلیل و موحتاجی ژەمیک نان و تۆزقاڵێک رووناکی و سوتەمەنی و ئاوی خواردنەوە و حەبیکی نەخۆشی کردوە و لەسەروی ئەوەشەوە یاری بە هەست و سۆزیان دەکەن و وەکو مەقاش بەکاریان دەهێنن بۆ لکەدارکردنی نەیارانی دەسەڵاتەکەیان.
ئەم شێوازە لە شکاندنی کەسایەتی و ناوزڕاندن کە پارتی دەستی بۆ بردوە، لە راستیدا هەڕەشەیەکە لە ئازادی رادەربڕین، ئەمە هەوڵێکە بۆ چاوترسێن کردنی هەرکەس کە رەخنە لە سیاسەتی پاوانخوازانە و تاڵانگەرانەی حزبە دەسەڵاتدارەکان بگرێت. ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستە دەیەوێ بە کێشانی خەتی سور و داتاشینی موقەدەسات فەزایەک بەرپا بکات کەس جەسارەتی ئەوەی نەبێت رەخنە لە کارکردە چەپەڵيکانیان بگرێت. رۆژێک ناوبردنی پێشمەرگە بە میلیشیا تەکفیر دەکەن، رۆژێکی تر سەری تەعزیم دانەنواندن بۆ سرودی کۆنەپەرستانە و قەومپەرستانەی “ئەی رەقیب”، ئەمرۆش باسکردن لەو زەلالەتەی بەسەر خەڵکیاندا هێناوە دەکەن بە کفرێک هەرکەس ئەنجامی بدات زیندە تیرۆری دەکەن و کەسایەتی دەشکێنن و ناوی دەزڕێنن. خەڵکی کوردستان نابێت بوار بەم سیناریۆ ناشرین و ریسوا و گاڵتەجاڕانەیە بدەن. ئەرکی هەموو لایەنگرانی ئازادی رادەربڕینە کە وەڵامی دەمکوتکەرانە بەم تیرۆری کەسایەتیە بدەنەوە بەرگری لە حورمەتی کەسایەتی سروەکان بکەن. ئەمە بەرگریە لە ئازادی رادەربڕین و حورمەتی مرۆڤ.
١١-١١-٢٠١٦

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here