گفتوگۆ لەگەڵ بڵاوکراوەی ڕێکخەری کۆمۆنیستی”المنظم الشیوعي” دەربارەی کۆمیتەی کۆمۆنیستی

1

گفتوگۆ لەگەڵ بڵاوکراوەی ڕێکخەری کۆمۆنیستی
“المنظم الشیوعي” دەربارەی کۆمیتەی کۆمۆنیستی
المنظم الشیوعي/ باسی کۆمیتە کۆمۆنیستییەکان یەکێك بوو لە باس و هەروەها پەسەندکراوە گرنگەکانی کۆنگرەی چوارەم. لە ڕوانگەی ئێوەوە گرنگیی ئەم بڕیارە لە چیدایە و چ پەیامێکت هەیە لەبارەی ئەم بڕیارەوە بیڵێی؟
ڕێبوار احمد/ باسى کۆمیتەى کۆمۆنیستى باسێکە لە درێژەى باسەکانى کۆمۆنیزمى کرێکارى بۆ شکڵدان بە کۆمۆنیزمێکى حزبى و کۆمەڵایەتى کە تواناى ئاڵوگۆڕپێدانى کۆمەڵگاى هەبێت. تەواوکەرى باسى گۆڕینى حزبە بە حزبێکى کۆمەڵایەتى و جەماوەرى کە بە ڕیزى ملیۆنى جەماوەرى کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکى ئازادیخواز بتوانن پێوەى پەیوەستبن، لە هەمانکاتدا کۆمیتە حزبییەکان لە هەر گەڕەك و شارێکدا وەکو وێنەیەکى بچوککراوەى حزب لە محەلى هەڵسووڕانى خۆیاندا و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا دەورى ڕابەرى کۆمەڵگا و ڕێکخەرى خەبات و ناڕەزایەتى جەماوەری ببینن. کۆمیتەى کۆمۆنیستى ڕوکنێکى گرنگى شکڵدانە بە حزبى ڕابەر و سازماندەر. کۆمیتەى کۆمۆنیستى لە کادران و ڕابەرانى کۆمۆنیست پێکدێت، بەڵام لە هەمانکاتدا زامنى ئەوەیە کە حزب ڕیشەدار بێت و هەر ئینسانێکى ناڕازى لە وەزعى مەوجود و هاوبەش لە خەباتێك کە ئەم حزبە لەبەردەم خۆی دایناوە بتوانی ببێت بە ئەندامى حزب و پێوەى پەیوەست بێت، هاوکاتیش خەسڵەتى مارکسیستى و ماکزیمالیستى حزب و ڕێکخراوە محەلییەکان پارێزراو بێت.
هەروەها ئەم باسە هەنگاوێکى ترە بۆ دابڕان لە نەریتەکانى چەپى تەقلیدى کە ساڵەهایە باڵیان کێشاوە. لەو نەریتەدا حزب حزبى ڕابەر و سازماندەرى جەماوەر نیە، بەڵکو حزبى موبەلیغى نوخبەکانە، تەنها نوخبە دەتوانێ دواى تێپەڕاندنى فلتەرى جۆراوجۆر ببێت بە ئەندامى حزب. لەم نەریتەدا یەکەى پایەیى حزب شانەیە، کە لە ئەندامانى حزب لە هەر محەلێکدا پێکدێت. بەڵام منصور حکمت لە چوارچێوەى سوننەت و باسەکانى کۆمۆنیزمى کرێکاریدا، گەیشت بە باسى حزبى خاوەن پایەی جەماوەریی فراوان و لابردنى ئەو کۆسپ و ڕێگرى و سەختگیرییانەى لەبەردەم پەیوەست بوونى فراوانی کرێکاران و جەماوەرى ناڕازى بە حزبەوە هەبوون. ئەوکات ئاشکرایە کە ئەگەر ئەندامانى حزب کرێکاران و خەڵکانى ناڕازی ئاسایى بن نەك هەر نوخبەکان، ئیتر ناکرێ لەوان دامەزراو (موئەسەسات)ى حزبى ئەوتۆ پێکبهێنرێت کە لە ئاستى کۆمەڵایەتیدا تواناى گێڕانى دەورى سازماندان و ڕابەریکردنى هەبێت. باسى کۆمیتەى کۆمۆنیستى تەواوکەرى باسى حزبى جەماوەری و سازماندەرە. هەم حزب جەماوەرى بێت، هەم حزب لە ئاستی محەلیدا خاوەن دامەزراوەیەکی کۆمۆنیستی ئەوتۆ بێت کە بتوانێ دەورى ڕابەرایەتی کردنی کۆمەڵگا بگێڕێت.
المنظم الشیوعي/ پرسیارێك لێرەدا دێتە پێشەوە بۆچی باسی کۆمیتەی کۆمۆنیستی؟ ئایا ئەوەی ئێستا هەیە و تەمەنێك لە مێژووی ڕێکخستن و کۆمیتەکان لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری جۆرێك نین لە ڕێکخستن و کۆمیتەی کۆمۆنیستی؟
ڕێبوار احمد/ بەڵێ ڕێکخستنەکانى حزب و کۆمیتەکانى حزب کە لە ڕابردوودا و تا ئێستاش هەن، بەو مانایەى کە پابەندى جیهانبینى و بیری کۆمۆنیستین و بەرگرى پەیگیرانە لە ماف و ئامانجى چینى کرێکار و ئازادى و یەکسانى دەکەن، بەو مانایەی کۆمۆنیزم تەبلیغ دەکەن و دەیبەنە ناو کۆمەڵگا، بەو مانایەى کە لە خەباتى کرێکاران و جەماوەرى ناڕازیدا دەخاڵەت دەکەن… بەم مانایانە کۆمۆنیستن. بەڵام بەو مانایەى لە باسى کۆمیتە کۆمۆنیستییەکاندا هاتووە، واتە کۆمیتەى ئەوتۆ بن کە لە ڕووى پراکتیکییەوە وەکو وێنەیەکى بچوککراوەى حزب لە محەلى هەڵسووڕانى خۆیاندا دەورى ڕابەر و ڕێکخەری کۆمەڵگا بگێڕن، فاسیلەیەکى زۆریان لەگەڵ کۆمیتەى کۆمۆنیستیدا هەیە. تا ئێستاش لە حزبى ئێمەدا لە درێژەى سوننەتەکانى چەپى تەقلیدیدا، لەبوارى ڕێکخراوەیی و پراکتیکیدا، ئەو سوننەتانە کارى خۆیان دەکەن. لە کۆمیتەى کۆمۆنیستیدا پێداگرى لەسەر کۆمۆنیزمێکى پراکتیکە. کاتێك دەڵێین لە فڵانە کارگە یان گەڕەك یان ناوەنددا، کۆمیتەى کۆمۆنیستى هەیە، ماناى وایە ئەو کۆمیتەیە دەبێ توانیبێتى لە بوعدى کۆمەڵایەتیدا، لە مەیدانى پراکتیکدا، حزب و کۆمۆنیزم بکاتە یەکێك لە بەدیلە سیاسییەکانى ئەو جێگایە، ماناى وایە کۆمۆنیزم و حزب لەو ناوەندەدا وەکو هێزێکى سیاسى نەخشى هەبێت لە ژیان و ڕێکخستن و ڕابەریکردنی خەبات و سەرێکى قودرەت بێت لەو محەلەدا. کۆمۆنیزم بە وێنەى نەریتێك هەروەکو ئیسلام و ناسیۆنالیزم برەوێکى کۆمەڵایەتى پەیداکردبێت، ماناى وایە کۆمۆنیزم لەو جێگایەدا بە وێنەى سوننەتێك لە جهیانبینی و هەڵسوکەوت و ڕەفتارى ڕۆژانەى خەڵکدا خۆى نیشاندەدات و بەم مانایە بووە بە نەرێتێکی خەباتکارانە لە ژیانى ڕۆژانەى خەڵکدا. هەروەها کۆمیتەى کۆمۆنیستى واتە ئەو کۆمیتەیەى کە خۆى بە پشتبەستن بە توانا و نفوز و هێز و ئیبتکارى خۆى هەموو موستەلزەماتى هەڵسووڕانى خۆى دابین دەکات و لە دابینکردنى مستەلزەماتى هەڵسووڕانى سەراسەرى حزبیشدا بەشدارى دەکات.
سەرئەنجام لایەنێکى گرنگى دیکەى باسى کۆمیتەى کۆمۆنیستى، لایەنى ڕێکخراوەیی حزبى و کۆمۆنیستییە. یەکێك لە کێشە و گرفتە قووڵەکانى کۆمۆنیزمى ئەم دەورەیە نەبوونى سازمانى حزبییە لە محەل، نەبوونى نەزم و دیسپلینى حزبى، بە شێوەى بزووتنەوەیی و شورایى کارکردن لە مەیدانى حزبیدا… کۆمیتەى کۆمۆنیستى جگە لە لایەنە پراکتیکی و کۆمەڵایەتییەکەى، دەتوانێ لە ڕووى سازمانى حزبیشەوە ئەم بەرتەسکى و نەریتانەى چەپى تەقلیدى تێپەڕێنێت. سازمانە بەهێزە محەلییەکانى حزب پێکبهێنێت، سازمانى حزب مەحکەم بکات، زەبت و ڕەبتى حزبى بەهێز بکات، تەقسیمکار لەنێو کۆمیتەکاندا جێبخات و دامەزراوەی ڕابەرایەتی لە محەلدا دابین بکات.
ڕێکخستن و کۆمیتەکانى ئێستاى حزب لە واقعدا لێکچوونیان لەگەڵ نەرێتى کۆنى چەپى تەقلیدی زیاترە تا ئەم ئەلگۆیە لە کۆمیتە. هەرچەندە باسى “حزبى ڕیشەدار” کاریگەرى خۆى لەسەر حزبى ئێمەش داناوە و ئەندامەتى لە حزبدا بەتایبەت بۆ کرێکاران سادەیە، بەڵام ئەم باسە پێشتر تا ئەو جێگایە نەچووەتە پێشەوە کە بە ئەلگۆیەکى ڕێکخراوەیى تایبەت بگات لە محەلدا کە هەم جەماوەری بونی حزب زامن بکات هەم ڕابەر و ڕێکخەر بونی. کۆمیتەکانى ئێستاى حزبیش لە چوارچێوەى هەمان سوننەتدا، ئەو دامەزراوەن کە شانە حزبییەکان لێکهەڵدەپێکن و لە باشترین حاڵەتدا جگە لە ئیدارەکردنى ڕێکخستن و ئەنجامدانى لیستێك کاروبارى حزبى، دەخاڵەتێکى مەحدودیان لە ناڕەزایەتى کرێکاران و جەماوەردا هەیە. بەڵام دامەزراوەى ڕابەرایەتى کۆمەڵگا نین و نەیانتوانیوە ئەو دەورە بگێڕن. هاوکاتیش نەیانتوانیوە سازمانى حزبى بەهێز لە محەلدا بەپێى سوننەت و دیسپیلین و تەحەزوبى کۆمۆنیستی پێکبهێنن.
المنظم الشیوعي/ لەڕووی عەمەلییەوە، ڕێکخستنەکانی ئێستای حزب لە کوێی ئەم شێوازە تازەیەی ڕێکخستنی کۆمۆنیستیدا ڕادەوەستن؟ چەند لە کۆمیتەی کۆمۆنیستییەوە دوور یان نزیکن، ئەگەر کۆمیتەی کۆمۆنیستی نین، چ پێناسەیەك دروستە بۆ دۆخی ڕێکخستنەکانی ئێستا. چ پلانێکتان هەیە بۆ گۆڕینی ڕێکخستنەکانی حزب بۆ ڕێکخستنێك لەسەر بناغەی ئەم باسانە؟
ڕێبوار احمد/ وەکو پێشتر وتم کۆمیتە حزبییەکانى ئێستاى حزبى ئێمە فاسیلەیەکى زۆریان هەیە لەگەڵ کۆمیتەى کۆمۆنیستى. من دەتوانم بە کۆمیتەى حزبى تەقلیدى ناویانبەرم. بەو مانایەى کۆمیتەى حزبین بەڵام لە چوارچێوەى سوننەتى چەپى تەقلیدیدا. بێگۆمان دەبێ هەوڵبدرێت بۆئەوەى ئەم کۆمیتانە بەرەو کۆمیتەى کۆمۆنیستى گۆڕانیان بەسەر بێت. بەو مانایەى هەوڵبدرێت بۆئەوەى لە مەیدانى هەڵسووڕانى کۆمەڵایەتیدا بگۆڕێن بە دامەزراوێکى حزبى و کۆمۆنیستى کە لە محەلى خۆیاندا ڕابەرى خەبات و ناڕەزایەتى جەماوەرى بکەن. چ لە ڕووى کۆمەڵایەتى و چ لە ڕووى ڕێکخراوەییەوە، خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانى کۆمیتەى کۆمۆنیستى کە لە بڕیارەکەدا هاتووە، پەیدابکەن.
بەڵام ڕێڕەوى سەرەکى شکڵدان بە کۆمیتە کۆمۆنیستییەکان، بریتى نیە لە نەخشە داڕشتن بۆ گۆڕینى کۆمیتەکانى ئێستا بە کۆمیتەى کۆمۆنیستى، ئەم ئاڵوگۆڕە مەرج نیە تەحقیق بێت. مەسەلەیەکى ئیرادەگەرییانە نیە کە بکرێ ئەو کۆمیتانەى لە چوارچێوەى تەقلیدێکى تردا و بە تایبەتمەندییەکى دیاریکراوەوە و بە کەرەسەیەکى ئینسانى تایبەتەوە و لە دەورى مەهامێکى تایبەتى پێکهاتوون، هەروا ئاسان هەموو ئەم تایبەتمەندییانە بگۆڕێت بە کۆمەڵە تایبەتمەندییەکى بە تەواوى جیاواز. بەڵکو ڕێڕەوى سەرەکى پێکهێنانى کۆمیتە کۆمۆنیستییەکان، پێکهێنانى ڕاستەوخۆى ئەو کۆمیتانەیە لەسەر پێى خۆیان لە ناوەندە جیاجیاکاندا. لەمبارەیەوە کادران و هەڵسووڕاوان و کەسایەتییەکانى حزب بێ شك دەتوانن دەورى گرنگیان هەبێت لەم کارەدا. بەم جۆرە بە بۆچوونى من ڕەوتى سەرەکى ئەوەیە کە کۆمیتە کۆمۆنیستەکان لە پرۆسەیەکى واقعى و پراکتیکى کۆمۆنیستیدا، جێگاى کۆمیتە حزبییەکانى ئێستا بگرنەوە. لەم ڕوانگەیەوە من واى دەبینم بەڕادەیەکى سەرەکى ئەوە مەترەحە کە کۆمیتە حزبییەکانى ئێستا و ڕێکخراوە محەلیەکانى ئێستاى حزب لە پرۆسەى شکڵگرتنى کۆمیتە کۆمۆنیستییەکاندا هەزم دەبن و دەتوێنەوە، نەك ئەوەى کە خۆیان دەگۆڕێن بە کۆمیتەى کۆمۆنیستى. چونکە باسەکە لێرە باسى دوو سوننەتى سیاسى و ڕێکخراوەیى جیاوازە. ئەم کۆمیتانەى ئیستا و ئەو ماتریاڵە کۆمۆنیستییەى هەیە، زەمینە و ئامادەیى ئەوەى تیایە کە لە پرۆسەى شکڵدان بە کۆمیتە کۆمۆنیستییەکاندا بەشدار و هەڵسووڕاو بێت و دەور بگێڕێت و لەو سوننەتەدا بتوێتەوە، بەڵام هەر بەو جۆرەى ئێستا هەیە و ڕابردوویەکى هەیە و لەسەر بنەمای ڕوانگە و سوننەتێکى تر پێکهاتووە، من بە زەحمەتى دەبینم کە بگۆڕێت بە شتێکى تەواو جیاواز لە خۆى.
ئێمە پێشتر وتمان کۆمیتەى کۆمۆنیستى واتە دامەزراوێکى حزبى و کۆمۆنیستى کە بتوانێ لە ئاستى محەلی و کۆمەڵایەتیدا ڕابەری رۆڵی ڕابەری حزب زامن بکات. بەڵام دامەزراوێك کە لە غیابى ئەم ڕوانگەیەدا پێکهاتبێت و عونسرەکانى ئەم ڕوانگەیەى تیا نەبێت، ناکرێ ئیرادەگەریانە بگۆڕێت بۆ شتێکى تەواو جیاواز لە خەسڵەتى خۆى. پرۆسەى شکڵگرتنى کۆمیتە کۆمۆنیستییەکان بە بڕواى من دوو شاڕێى هەیە. یەکێکیان ئەوەیە کە کادران و هەڵسووڕاوان و کەسایەتییەکانى حزب، بە دەستگرتن بەم ڕوانگە و سوننەتەوە لە پرۆسەی گێڕانی رۆڵی ڕێکخستن و ڕابەرایەتى کۆمەڵگا لە محیتى هەڵسووڕانى خۆیاندا بەرەو شکڵدان بە کۆمیتەی کۆمۆنیستی برۆنەپێش؛ واتە ئەوەى ئەگەر تا ئێستا زۆرتر مەشغەڵە و سەرقاڵییان بەرتەسك بووە بە ئیدارەى تەشکیلات و سازدانى پەیوەندى ئەندامان لەگەڵ حزب و بەرپاکردنى کۆبوونەوە حزبیەکان و بە گشتى کۆمەڵیك کاروبارى پەیوەست بە ناوخۆى حزب، ئاراستە بکرێن بەرەو ئەوەى مەشغەڵە و مەهامەکانیان بگۆڕێت بە ڕابەریى کردنى موحیتی کۆمەڵایەتیان لە هەموو بوارێکى پراکتیکى و سیاسى و فکری و… نەرێتی ڕێکخراوەیى و حزبیش هەر لەم پەیوەندەدا مانایەکى تر پەیدا دەکات بۆ دامەزراندنى سازمانى حزبى مەحکەم و بەهێزو بە زەبت و ڕەبت. حزبى ئێمە لەناو کادران و هەڵسووڕاوان و کەسایەتییەکانیدا، ڕیزێك لەم عونسرانەى هەیە کە وەکو ئەفراد دەتوانن و زەمینە و بنەماى ئەوەیان هەیە لەم جیهەتەدا بڕۆنەپێشەوە. بەو ڕادەیەى ئەم جێگا و ڕێگایە لە کۆمەڵگا پەیدا بکەن، بە هەمان ڕادە تواناى شکڵدان بە کۆمیتە کۆمۆنیستییەکانیان تیادا پەیدا دەبێت. شاڕێى دووەم ئەوەیە کە حزب بتوانێ عەناسرى ڕابەرى ناو کۆمەڵگا و ناوەند و ناڕەزایەتییەکان بەرەوخۆى بهێنێ. یان بە مانایەکی تر حزب ببێت بە حزبی ئەوان. واتە ئەو ڕابەرانەى کە لە بوعدى کۆمەڵایەتیدا نەخشى رابەرییان هەیە، بیانکات بە کۆمۆنیست و بە حزبى و کۆمیتە کۆمۆنیستیەکان راستەوخۆ لەم پرۆسەیەدا پەرەبگرن. سەرئەنجام بەکورتى من پێموایە کۆمیتەى کۆمۆنیستى لە هەر ناوەندێکدا لەو کۆمۆنیستە هەڵسووڕاوانە پێکدێت کە دەتوانن لە بوعدى کۆمەڵایەتی و لە ناوچەى هەڵسووڕان و تەواجودى خۆیاندا دەورى ڕابەرى و سازماندانى کۆمەڵگا بگێڕن. پێوانەى ئەم دەورگێڕانەش نە گوزراشى ڕێکخراوەیى و نە چەندایەتى ئەو بڵاوکراوە و بەیاننامانەیە کە دەردەکرێن و بڵاودەکرێنەوە، کە بێگومان ئەمانە لەو کارە بەڵگەنەویست و ڕۆتینییانەن کە دەبێ بکرێن. بەڵام پێوانە ئەوەیە کە ئەم کۆمیتانە بە کارى عەمەلى و گێڕانى دەورى ڕابەرى خەباتی جەماوەری و دامەزراندنى سازمانى حزبى بەهێز و تەبلیغاتی کۆمۆنیستى، توانیوانە چ کاریگەرییەکى واقعى و عەمەلی لەسەر محیتى خۆیان دابنێن. پێوانە ئەوەیە کە کۆمۆنیزم لە بوعدى کۆمەڵایەتیدا چ جێگایەکى پەیداکردوە بە کارى ئەم کۆمیتانە، کۆمۆنیزم چ دەور و پێگەیەکی پەیدا کردوە لە هاوکێشەی قودرەتى سیاسى و فکرى و عەمەلى ئەو ناوەندەدا، چ ڕەنگدانەوە و کاریگەرییەکى هەیە لەسەر ژیانى واقعى و ڕۆژانە و هەڵسوکەوتى خەڵك و چەندە توانیوێتى ئاڵوگۆڕ پێکبهێنێ.
المنظم الشیوعي/ گەلێك هەڵەتێگەیشتن لێرە و لەوێ دەبینرێت. هەندێك دەڵێ لە حزبدا دوو جۆر لە کۆمیتە بوونیان هەیە، کۆمیتەی حزبی و کۆمیتەی کۆمۆنیستی. بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەم مەسەلەیە چۆنە؟
ڕێبوار احمد/ ئەمە بۆچوونێکى سەرتاپا هەڵەو تێگەیشتنێکى هەڵەیە لە باسى کۆمیتەى کۆمۆنیستى. حزب پێویستى بە دوو جۆر کۆمیتە نیە، کە یەکێکیان لە نەوعى کۆمیتەى کۆمۆنیستى و ئەوى تریان کۆمیتەى تەقلیدى بێت. ئێمە دەمانەوێ و سیاسەتى ڕێکخستنى حزب ئەوەیە کە لە پرۆسەیەکى واقعیدا، هەموو کۆمیتە محەلیەکانى حزب چ لەسەر ئاستى ناوەند و چ لەسەر ئاستى شار، کۆمیتەى کۆمۆنیستی بن. بەڵام لێرە مەسەلەیەك هەیە کە دەبێ بە وردى سەرنجى بدەین، پێشتر باسم کرد وتم ئەوە تەسویرێکى واقعى نیە کە پێمانوابێت دەکرێت بە ئیرادەگەری و کۆمەڵێك ئیقداماتى دیاریکراو کۆمیتەکانى ئێستاى حزب لە شارى فڵان یان گەڕەکى فڵان، لە فڵان ماوەدا بگۆڕین بۆ کۆمیتەیەکى کۆمۆنیستى. چونکە ڕەنگە زۆربەى عونسرەکانى پێکهێنەرى ئەو کۆمیتەیە و بە گشتى ماتریاڵەکەى، تواناى ئەوەى نەبێت تەبدیل بێت بە ڕابەرى کۆمەڵایەتى جێگاکەى خۆى. ئەمە پرۆسەیەکى کۆمەڵایەتییە نەك زهنى. بۆیە لەم حاڵەدا ئێمە لەگەڵ هەوڵى ڕاستەوخۆمان بۆ پێکهێنانى کۆمیتە کۆمۆنیستییەکان، ئەو کۆمیتانەى کە ئێستا هەن و تا کاتێك کە جێگایان بە کۆمیتەى کۆمۆنیستى نەگیرێتەوە و دەرگاى ئەوە نەکرێتەوە کە لە کۆمیتەى کۆمۆنیستیدا هەزم بن، لە خۆوە هەڵناوەشێنینەوە و نابێ ئەو هێزە لە دەست بدەین و ئەو هەڵسووڕانە کۆمۆنیستییەى ئێستا هەیە تەحتیل بکەین بەبێ ئەوەى لە جێگایدا تەشکیلە و هەڵسووڕانێکى خوازراو شکڵی گرتبێت. بەم مانایە کە نامانەوێ لەخۆوە ئەم کۆمیتانە هەڵوەشێنینەوە و هەم ناکرێ ئیرادەگەرییانە ئەم کۆمیتانە بگۆڕین بە کۆمیتەى کۆمۆنیستى و لەخۆوە ئەو ناوەیان لەسەر دابنێین. دەکرێ بڵێین ئێستا وەزعی رێکخراوەیی حزب لە دەورەیەکى ئینتیقالیدایە تا کۆمیتەى کۆمۆنیستى جێگاى کۆمیتەکانى ئێستا ئەگرێتەوە. واتە مەبەست و سیاسەتى ئێمە ئەوەیە کە سەرئەنجام کۆمیتە حزبییەکان لە هەموو جێگایەکدا ئەلگۆیەك بن لە کۆمیتەى کۆمۆنیستى.
المنظم الشیوعي/ هەندێك دەڵێن ئەم باسە ناگونجێ لەگەڵ کاری حزب لە عێراق و بارودۆخی عێراقد. وەڵامی ئێوە بۆ ئەم بۆچوون و تێڕوانینە چیە؟
ڕێبوار احمد/ بۆچوونێکى بەمجۆرە بیەوێ و نەیەوێ، هیچ مانایەکى نیە جگە لەوەى کە کۆمۆنیزم ناگونجێت لەگەڵ کۆمەڵگاى عێراق یان هەلومەرجى عێراقدا. هەڵبەت باسى نەگونجان یان نەهاتنەوەى کۆمۆنیزم لەگەڵ کۆمەڵگاى عێراق، لەمەوپێش زۆر وتراوە و وەڵامى خۆى وەرگرتوەتەوە. بەڵام باسى نەگونجانى کۆمیتەى کۆمۆنیستى لەگەڵ واقعى عێراق، دیوێکى ترى هەمان بۆچوونە. چونکە ئەگەر کۆمیتەى کۆمۆنیستى لەگەڵ واقعى عێراق نەیەتەوە، ماناى ئەوەیە کە کۆمۆنیزم ناتوانێ لە کۆمەڵگاى عێراق و لە وەزعى عێراقدا وەکو ئەڵتەرناتیڤێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى ئاڵوگۆڕبەخش دەرکەوێت و نەخشى ڕابەرى بگێڕێت، بەڵکو دەبێ هەر لە حاشیەدا بمێنێتەوە و هەر ئەو شێوەکارانە درێژە بدرێت کە تا ئێستا ڕێگرى ئەوەن حزب لە مەرکەزى سیاسەتى کۆمەڵگادا پێى خۆى بچەقێنێ و جێگاى خۆى پەیدا بکات.
پرسیار ئەوەیە کە کۆمیتەى کۆمۆنیستى لەگەڵ کۆمەڵگا و وەزعى ڕوسیا و ئەڵمانیا و ئێران و هەموو کۆمەڵگایەکى دیکەى سەرمایەداریدا گونجاوە و لە زۆر جێگا تەجروبە کراوە، ئەوە چۆنە لەگەڵ کۆمەڵگاى سەرمایەداریى عێراقدا ناگونجێت؟! من دەتوانم لەوە تێبگەم کە کەسێك لە بنەڕەتەوە مخالفى ئەم ئەلگۆیە لە کۆمیتەسازى بێت، ئەمە مەنتقێکە و دەکرێ ئینسان لێى تێبگات و وەڵامى بداتەوە. بەڵام ئەوە ئیتر زۆر مەنتقێکى نادروستە کە لە ئاستى گشتیدا کۆمیتەى کۆمۆنیستى پەسەند بکەیت، بەڵام کاتێك هاتە سەر وەزعى تایبەتى کۆمەڵگاى عێراق بڵێى لەگەڵ ئەم کۆمەڵگایە و وەزعى عێراقدا ناگونجێت.
کۆمیتەى کۆمۆنیستى زۆر بە سادەیى ماناى ئەوەیە کە ڕابەرانى کۆمۆنیستى هەر محیتێك، بە ئاژیتاتۆرى کۆمۆنیست، بە ڕابەرى جەماوەرى کۆمۆنیست و بە سازماندەى کۆمۆنیست و تەکنیسیۆنى کۆمۆنیست و بە نووسەرى کۆمۆنیست و… هتد، پێکەوە ڕێکخراو و یەکگرتوو بکەیت بۆ ئەوەى ڕابەرایەتى کۆمەڵایەتى محیتەکەى خۆیان بەدەستەوە بگرن. نەگونجانى ئەمە لەگەڵ هەر کۆمەڵگا و هەر ناوچەیەك ماناى ئەوەیە لەو محیتەدا ناگونجێت کۆمۆنیزم ئەم دەورى ڕابەرییە و نەخشى بەدیلى ئاڵوگۆڕبەخش بگێڕێت. ئەمەش بۆچوونێکى بە تەواوى ناکۆکە بۆ ئەسڵى کۆمۆنیزم.
المنظم الشیوعي/ هەندێکی تر لایەنی ئایدیۆلۆجی لەم باسە دەبینن، واتە تەنها جەخت لەسە دەستەواژەی “کۆمۆنیستی” دەکەن لە ڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆژییەوە. ڕای ئێوە لەسەر ئەمە چیە و چۆنی وەڵام دەدەنەوە؟
ڕێبوار احمد/ ئێمەش لە ئاستى گشتیدا نەك بە تایبەتى لە باسى کۆمیتەى کۆمۆنیستیدا، تەئکیدمان لەسەر کۆمۆنیزم و بیرى کۆمۆنیستیش هەیە، بەڵام لە واقعدا مەسەلەى ئەساسى لەم باسە و لەم بڕیارەدا، جەختکردنە لەسەر لایەنى کۆمەڵایەتى و پراکتیکی کۆمۆنیستى. کۆمیتەکانى ئێستاى حزب ئەگەر وەکو لایەنى فکری هەڵیانسەنگێنین، بەگشتى کۆمۆنیستن، بەدەر لەوەى کە لە مەجموعدا چەندە درکێکى دروست و پڕاوپڕ، یان کەم و کورتیان لە کۆمۆنیزم هەیە، بەڵام ئەوانەی کە ساڵانێکە پێکهاتوون کە خۆیان بە کۆمۆنیست دەزانن و بە تێگەیشتنێکەوە کە هەیانە کۆمۆنیزم تەبلیغ دەکەن. دەکرێت لەم بارەیەشەوە هەوڵبدرێت بۆ بردنەسەرى هۆشیارى کۆمۆنیستى و مەحکەم کردنى بیر و نەریتی کۆمۆنیستى و تێگەیشتنى دروست و پڕاوپڕ لە کۆمۆنیزمى مارکس. بێگومان کۆمۆنیزمى تەحریفکراو و شێوێندراو، شێوە جۆراوجۆرەکانى کۆمۆنیزمى بۆرژوازى کە بە تایبەت لە ڕابردوودا ڕەواجیان زۆر بوو، ڕەنگە کەم و زۆر لە ڕیزەکانى حزبدا ئاسەوار و کاریگەرییان هەبێت. بەتایبەت لە بوارى کۆمۆنیزم و مەزهەب، کۆمۆنیزم و مەسەلەى ژن، کۆمۆنیزم و میللەت، بە گشتى کۆمۆنیزم و کۆمەڵگا، ڕەنگە لە هەندێك ئاستدا ئاسەوارى کاریگەریى کۆمۆنیزمى بۆرژوازى بەدى بکەین.
بەڵام بە تایبەتى لە باسى کۆمیتە کۆمۆنیستییەکاندا بە هیچ جۆرێك مەسەلەى میحوەرى ئەمە نیە. بەڵکو تەئکید لەسەر لایەنى کۆمەڵایەتى و پراکتیکى کۆمۆنیستییە لە بوعدى ڕابەرى کردنى کۆمەڵگادا. واتە هەتا لەنێو ئەو ڕیزە لە کادران و ڕێکخستنەکانى حزبدا کە خاوەن ڕوانگەی مەحکەمى کۆمۆنیستین، هەتا ئەو کۆمیتانەى کە لە کەسانى خاوەن بیری کۆمۆنیستی مەحکەم پێکهاتوون، ئەو ناکۆکییە گەورەیە بەرجەستەیە کە سازدەری پراکتیكی کۆمۆنیستی نیین و دەورى ڕابرایەتیەکی کۆمۆنیستی بۆ کۆمەڵگا ناگێڕن. لە واقعدا ئەو تەسویرە غایبە کە یەکەى پایەیى حزب دەبێ دامەزراوەى ڕابەرى کۆمەڵایەتى محیتەکەى خۆى بێت. تەنانەت دەکرێ بڵێم باسى کۆمیتەى کۆمۆنیستى لە ڕوویەکەوە باسێکە لەبەرامبەر ئەو سوننەتەى کە کۆمۆنیزم لە بزووتنەوەیەکى حزبى بۆ ڕابەرى کۆمەڵگا و ئاڵوگۆڕپێدانى کۆمەڵگا دەگۆڕێ بۆ ئایدۆلۆژیایەك کە دەیەوێ بە زەبرى کاریگەرى ئایدیۆلۆژى ئامانجەکانى دەستەبەر بکات. خەباتی کۆمۆنیزم بوعدى ئایدیۆلۆژیشى هەیە وەکو ڕەخنەگر و نەقدی ئایدیۆلۆژى بۆرژوازی و ئەمە یەکێکە لە مەیدانەکانی خەباتی کۆمۆنیستی. بەڵام کۆمۆنیزم هەرگیز بە زەبرى ئایدیۆلۆژى ناتوانێ کۆمەڵایەتی عاملى ئاڵوگۆڕ بێت، بەڵکو بە پراکتیك و سیاسەت ئەم مەبەستە مەیسەر دەبێت. هەر ئەمەش دەتوانێ لە ئاستى کۆمەڵایەتیدا برەو بە ئەفکاری کۆمۆنیستى بدات. بۆیە باسى کۆمیتەى کۆمۆنیستى ڕاستەوخۆ تەئکیدە لەسەر برەودان بە لایەنى کۆمەڵایەتى و پراکتیکى کۆمۆنیستى و سازدانى ڕابەرانى کۆمۆنیستە بۆئەوەى دامەزراوەیەکى کۆمۆنیستى و حزبى بۆ ڕابەریکردنى کۆمەڵگا پێکبهێنن و ڕیشەى سازمانى و نفوزى کۆمەڵایەتى و نەریتەکانى کۆمۆنیزم لە ئاستى کۆمەڵگادا بەهێز بکەن.
المنظم الشیوعي/ ئەوەی لە پێشدا لەناو زۆربەی ئەندامانی حزبدا دەبێتە جێگای سەرنج کاتێك باس دێتەسەر کۆمیتەی کۆمۆنیستی بریتیە لەوەی کە ئەم باسە پەیوەستە بە ڕێکخستنەکانی حزب لە ناوخۆی عێراق و سەرنجەکان ناچێتە سەر ڕێکخستنەکان لە دەرەوەی وڵات. ئەم پێشداوەرییە لە کوێوە دێت، ڕای ئێوە چیە لەم بارەیەوە، بە بۆچوونی تۆ دەبێ لەم بارەیەوە چی بکرێت لە ئاستی دەرەوەی وڵاتدا؟!
ڕێبوار احمد/ ئەم مەسەلەیە دوو هۆکار، یان دوو لایەنی هەیە، لایەکی جیاوازی گشتی شێوەی کار و هەلومەرجی کار و میکانیزمی کار و خودی کارەکانە لە دەرەوە و ناوەوە، لایەکیشی لەوێوە دێت کە ڕێکخراوی بە ڕێکخراوێکی ناپەیوەست بە دەوروبەرەکەى خۆى و لە ڕاستیدا بە پشتى جەبهەى حزب لە ناوەوە دادەنێت. پێى وانیە کە ڕێکخراوى دەرەوە ڕێکخراوێکى لەسەر پێى خۆى ڕاوەستاو و مەیدانى دەرەوەى وڵات مەیدانێکى گرنگى جەنگى چینایەتییە هەم بۆ بە قودرەت گەیشتنى کۆمۆنیزم لە عێراق و هەم بۆ قودرەتمەند کردنى کۆمۆنیزم وەکو بزووتنەوەیەکى ئەنتەرناسیونالیستى.
ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە چاو لە ڕێکخراوى دەرەوە بکرێت، بەو ئەنجامە دەگات کە کۆمیتەی کۆمۆنیستى لەگەڵ ڕێکخستن و هەلومەرج و ئەرکەکانی حزب لە دەرەوەی وڵات ناپێویست و نەگونجاوە. لە دەرەوەی وڵات تەنها کۆمەڵێك دامەزراوەى حزبى بە پێویست دەزانێ کە خەدەمات بدات بە هەڵسووڕانى حزب لە ناوەوە و پشتیوانى ئەو بەشەى حزب بکەن کە لە ناوەوەدا لە جەنگدایە.
من پێم وایە لە هەر جێگایەك کۆمەڵێك هەڵسووڕاوى حزبى هەبن کە بیانەوێ و بتوانن نەخشى ڕابەرى کردنى محیتەکەى خۆیان بگێڕن، بیانەوێ خەڵك ڕێکبخەن و کۆمۆنیزم بکەن بە ئاسۆی خەبات، دەبێ لە کۆمیتەى کۆمۆنیستىدا خۆیان ڕێکبخەن. بێگومان جیاوازی هەیە لە شێوەکار و ئەرك و میکانیزمەکانی کاری ئەم کۆمیتانە لە دەرەوە و ناوەوە. بەڵام لە دوالێکدانەوەدا کۆمۆنیستەکان لە هەرجێگایەك هەبن و بیانەوێ پێکەوە کارێکی حزبی و کۆمۆنیستی بکەن، وە بۆئەوەی لە محیتەکەى خۆیاندا هەم وەکو دامەزراوێکى کۆمۆنیستى دەورى خۆیان بگێڕن بۆ بەهێزکردن و شکڵدان بە کۆمۆنیزم، هەم نەخشى خۆیان بگێڕن لە پرۆسەی قودرەتمەندکردنی کۆمۆنیزم و حزب لە عێراقدا، پێویستە لە ڕێکخراوی کۆمۆنستی و جۆرێك ئارایشی کۆمیتەیی و کۆمۆنیستی گونجاودا ڕێکخراو بن. تا ئێستا لەبارەى جێگاوڕێگای ڕێکخراوەى دەرەوە و ئەرکەکانى و ئەولەویەتەکانى زۆر قسە کراوە و بەڵگەنامەى جۆراوجۆر نووسراوە لەلایەن حزبەوە. بەبڕواى من لە عامدا ئەوانە بەرنامە عەمەلى ڕێکخراوى دەرەوەى حزبن، ئەوانە کار و مەیدانى ڕاستەوخۆ و لەسەر پێى خۆ ڕاوەستاوى حزبن لە دەرەوى وڵات. ڕاپەڕاندنى ئەوکارانەش وەسیلەى خۆى دەوێ، وەسیلەکەشى ڕێکخراو و کۆمیتەى کۆمۆنیستییە بە ئەلگۆیەك کە لەگەڵ کارەکان و هەلومەرجەکە بگونجێت. بێگومان شێوەى کار و شێوەى ڕابەرى و شێوەى کاریگەرى دانان و میکانیزمەکانى کاریان فەرقى هەیە هەم لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکى تر و هەم هەموو دەرەوەى وڵات لەگەڵ ناوەوەی عێراقدا.

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here