تەمەنێک تێکوشان لەپێناو ئازادی و سۆسیالیزم

0

رێبوار ئەحمەد:
بەڕێزبێت یادی جەبار مستەفای ئازیز!
جەبار مستەفا (جەلال محەمەد)ی ئازیز بۆ هەمیشە بەجێیهێشتین! هەرچەندە ئەم هەواڵە بە تەواوی چاوەڕوانکراوبوو، هەرچەندە خۆمان بۆی ئامادەکردبوو، بەڵام دیسان بیستنی هەواڵەکە وەکو چەقۆیەک بچەقێ بەدڵدا، وەکو جەرگ بکەوێتە سەر ئاگرێکی بەگڕ، ئازارێکی بەتین جەستەمی هەژاند. چەند رۆژە بە دڵێکی پڕ لە ئازار و خەمەوە، بەبێ ئەوەی هیچمان لەدەست بێت، چرکەساتەکان دەژمێرێن و چاوەڕوانی ڕاوەستانی دڵە گەورەکەی جەبار مستەفای ئازیز دەکەین. ئەو کارەساتە جەرگ بڕە روویدا و جەباری ئازیز بۆ هەمیشە جێیهێشتین.
چ شتێک لەوە سەخت و ناخۆشترە، چ ئازارێک لەوە گەورەو بەتینترە، بەبێ دەسەڵاتی چاوەڕوانی مەرگی حەتمی ئازیز و خۆشەویستێکی خۆت بکەیت؟ ئەی چەندە دژوارە کاتێک فشار دەخەیتەسەر پەنجەکانت بۆ نوسینی وشەگەلێک کە بتوانن گوزارشت لە مەبەستت بکەن، لەگەڵ ئەوەی بێهودە درێژە بە فشارەکە دەدەیت دیسانیش وشەکان ناتوانن بەوجۆرەی دەتەوێ گوزارشت لە مەبەستەکەت بکەن. نازانم چۆن باسی کەسایەتی جەبار مستەفا بکەم. ئەو وەکو ڕابەر و هەڵسوڕاوێکی پەیگیری کۆمۆنیستی کرێکاری، وەکو دەستوقەڵەمێکی بە بڕشتی مارکسیستی و شۆڕشگێڕ بە تێگەشتنی قوڵەوەوە لە مارکس، وەکو کەسایەتیەکی لێوەشاوە کە تەمەنێکی تەواو لە پێناو ئازادی چینی کرێکار و سەرفرازی بەشەریەت تێکۆشا، وەکو وەرگێڕێکی ماندونەناسی ئەدەبیاتی مەنسوری حیکەمت بۆ کوردی و عەرەبی، وەکو یەکێک لە ڕایەڵەکانی لێکگرێدانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری لە عێراق و کوردستان، وەکو ڕابەرێکی حزبی…….. ئەوەی لەدەستی هات درێغی لێ نەکرد. وەکو هاورێ دەریایەک بوو لە دڵسۆزی و خۆشەویستی و بەهۆڵەوە بوون، وەکو هاوسەر پڕاوپڕ بوو لە یەکسانیخوازی و سۆز و میهرەبانی بۆ شرینی ئازیز، وەکو باوک کێوێک بوو لە بەتەنگەوەهاتن و خەمخۆری و ماندوبون لەپێناو فەراهەم کردنی ژیان و پەروەردەیەکی باش و نمونەیی بۆ ئازیزان لیزا و ماردین و زاریا..بەبێ ئەوەی مەبەستم بێت هیچ زیادەرۆیەکی ناواقعی بکەم، دەکرێ ئەم لیستە درێژتر بکەمەوە، بەڵام هێشتا وانازانم مافی خۆیم بە کەسایەتی جەبار مستەفای ئازیز داوە.
ئەوانەی لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی پێشودا یەکەمین بەردەکانی بناغەی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی هاوچەرخی کوردستان و عیراقیان دانا، سەرەتا ژمارەیان لە ژمارەی پەنجەکانی یەکدەست کەمتربوو. جەبار مستەفا یەکێک بوو لە بەرجەستەترین کەسایەتیەکانی ئەم مەیلە. جیاوازی سەرەکی ئەم مەیلە لەگەڵ باڵی ڕاستی بزوتنەوەی چەپی ئەوکاتەی کوردستان، جەختکردن بوو لەسەر ئەوەی چینی کرێکاری عێراق و کوردستان بەدەر لە ناسنامەی دروستکراوی قەومی و دینی و تائیفی، پێویستی بە حزبێکی یەکپارچەی چینایەتیە بۆ رزگاربون لە جەور و ستەمی سەرمایە. ئەوکات ئەم مەیلە بە “عیراقیەکان” ناسرابوو و لەلایەن ناسیۆنالیستە چەپەکانی کۆمەڵەی مارکسی-لینینیەوە وەکو تەشەر بە “عێراقچی” ناوزەد دەکران. جەبار یەکێک لە موفەکرین و ڕابەرانی ئەم مەیلەبوو. وەکو لە کتێبی “مەلەکردن بە پێچەوانەی شەپۆل” خۆی باسی کردوە کاتێک لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیرکراون تەنها دووکەس بون، جەبار لە زیندانی ئەبوغریبیش کاری بۆ رێبازەکەی دەکرد. بۆیە دەڵێ کاتێک ئازادکراین پازدەکەس زیاتر بووین… ئەم ئاراستەیەی ناو چەپی کوردستانی ئەوکات لە پرۆسەیەکی دورودرێژی بەرەوپێشچون و ئاڵوگۆڕی بەردەوامدا خۆی لە ناسیۆنالیزمی چەپ جیاکردەوە و بوو بە هەوێنی شکڵدان بە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی هاوچەرخ. سەرئەنجامیش بە تەبەنی کردنی کۆمۆنیزمی کرێکاری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە عێراق و کوردستان دامەزرا. جەبار تەنها کەسە کە لە رۆژی یەکەمی سەرهەڵدانی ئەم مەیلەوە تا ئێستا بێ ڕاوەستان بەردەوام بوو لە خەباتی کۆمۆنیستی. بەم مانایە جەبار یەکێکە لە بەرجەستەترین بنیاتنەرانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی هاوچەرخی عێراق و کوردستان.
جێگای جەبار مستەفا لە دڵی مندا و بۆ شەخشی من زۆر تایبەتە و بەرهەمی دەیان ساڵ هاوڕێیەتی و هاوخەباتیە. ماڵی جەبار و سێبەری دایە رەحمەی من و جەبار، پەناگایەکی من بوو لە نیوەی دوەمی هەشتاکاندا، کاتێک دادگای رژێمی بەعس بە غیابی حوکمی لەسێدارەدانی بۆم دەرکردبوو. ئەو رۆژگارە لە پێشدا ماڵی دایک و باوکی جەباری ئازیز یەکێک بوو لە پەناگاکانم و جەبار و خانەوادەکەی بە دڵ وداو منیان پاراست. دواتریش ماڵی جەبار و شیرینی ئازیز بوو بە پەناگایەکی ترم. من و جەبار ساڵەها پێکەوە هاوڕێ و هاوخەبات و هاوکار بوین. یادگاریەکی زۆرمان پێکەوە هەیە. بە جۆرێک کە بەراستی ژیان و خەباتی من بەبێ جەبار بۆشاییەکی زۆر گەورەی تیادا دروست دەبێت. بە راوەستانی دڵە گەورەکەی جەبار، من یەکێک لە نزیکترین و ئازیزترین و خۆشەویستترین هاوڕێکانی ژیانم لەدەست دەدەم. تەنها کەسانێک کە ئەم ئازارەیان چەشتبێت دەتوانن سەختی ئازارەکەی درک بکەن.
بەربەریەتی سەرمایە لە هەموو بوارێکدا ژیانی بەشەری ڕووبەڕووی کارەسات کردووە، جەونگ و کاولکاری و بەکارهێنانی جۆرەها چەکی کۆکوژ و ئاراستەکردنی کوێرانەی پێشەسازی لە پێناو قازانجپەرستی سەرمایە، ژینگەی گۆی زەوی ئەوەندە لەوتاندوە کە سەرچاوەی تەشەنەکردنی جۆرەها نەخۆشیە بۆ کوشتاری بەشەریەت. یەکێک لەوانە پەرەسەندنی شێرپەنجەیە، ئەم نەخۆشیە شومە کوێرانە کوشتاری مرۆڤایەتی دەکات. هەر لەم چەند ساڵەدا جێگای ڕیزێک لە ئازیزان و تێکۆشەرانی بەرجەستەی رێگای ئازادی و سۆسیالیزمی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاریدا خاڵی کردوە، مەنسور حیکمەت و لەیلا محەمەد و جەمیل ئەمین و ئیستاش جەبار مستەفا تەنها چەند نمونەیەکن. بەڵام جەبار بەورەیەکی بەرزەوە کە هەموو نزیکەکانی شایەتین، ڕووبەڕووی شێرپەنجەی نەعلەتی بوەوە. دوای شەڕێکی دەستەویەخە لەگەڵ ئەم نەخۆشیە شوم و نگریسە، کۆری خەباتی کۆمۆنیستی و هاوڕیەتی و خێزانی و دۆستانەی بەجێهێشتین. ڕاوەستانی دڵەگەورەکەی ئەم رابەرە کۆمۆنیستە، ئەم هاوڕێ دڵسۆزە، ئەم باوکە خەمخۆرە، بۆشاییەکی گەورە دروست دەکات کە لە پڕکردنەوە نایات. بەڕاستی ئاسۆی ژیان و ئەم دنیا سەرەوخوارە بە جەبار و کەسانی وەکو جەبار ڕوناکتر دەبێتەوە. لەدەستدانی جەبارەکان زەرەرێکی زۆر گەورەن بۆ بەشەریەت، بۆ ئازادی، بۆ خێزان و کەسوکار و هاوڕێکانی، کە قەرەبوو ناکرێنەوە. بەڵام ژیان و تێکۆشان و کەسایەتی جەبار شانازیەکی گەورەیە بۆ ئەندامانی خێزانەکەی، بۆ هاوڕێکانی، بۆ دۆستانی، بۆ حزب و بزووتنەوەکەی، ئەمەیە کە عەزمی دڵنەوایی و تەحەمولی ئەم ئازارە گەورەیەمان پێدەبەخشێت.
بەرز و بەڕێزبێت یادی ئازیزی جەبار و بەردەوام بێت ڕێگای خەباتی. جێگای ئازیزانی جەبار، شیرین و لیزا و ماردین و زاریا لە دڵ و دەرونی ئێمەدایە. ئێمە دەست دەدەینە دەستی یەک و پێکەوە ئەم ناخۆشی و کۆستە گەورەیە تێدەپەڕێنین و ژیان بە یادگاری و شانازیەکانی جەبار جوان دەکەین. هەربەوجۆرەی جەبار ویستی و لێمانی داواکردوە.

٣١-١٢-٢٠١٨

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here