14ی تەموزی 2000 تاوانێکی خەڵاتکراو

0

رێبوار ئەحمەد:
لەو رۆژەدا پۆلێک تێکۆشەری کۆمۆنیست، پۆلێک لە پاکترین و شەریفترین ئەو ئینسانانەی بۆ ئازادی و خۆشبەختی خەڵکی کوردستان تێدەکۆشان، لە پیلانێکی دڕندانە و رەزیلانەدا، لە ناوجەرگەی شاری سلێمانی لەلایەن یەکێتی نیشتمانیەوە خرانە بۆسەوە و شەڵاڵی خوێنکران. هاوڕێیانی گیانبەختکردوو (شێخ عەبدول، هاوڕێ لەتیف، محەمەد مستەفا، ئومێد نیگبین، ئیبراهیم محەمەد) بە فەرمانی تاڵەبانی و سەرپەرشتی راستەوخۆی نەوشیروان مستەفا، تەنها لەبەر ئەوە کوشتار کران کە ئاڵاهەڵگر و تێکۆشەری رێگای کۆتایهێنان بە ستەم و چەوسانەوە و زۆرداری و بەرپاکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان بوون. ئەوان بۆیە کوشتار کران چونکە هەڵسوڕاوی بزووتنەوەیەک بوون کە بەرگری لە مافی کرێکار و بێکار و دەستفرۆش و ژن و منداڵ و لاو و پیری کۆمەڵگە دەکرد و ئەو خەڵکەی بە شایستەی ژیانێکی باشتر لەوە دەزانی کە حزبە چەکبەدەستە بنەماڵەییەکان بەسەریاندا سەپاندبوون. ئەوان هەڵسوڕاوی بزووتنەوەیەک بوون کە ببووە کۆسپی بەدەم سەرکوتی ئازادی و کوشتاری ژنان و ئەو جەنگە شومە ناخۆییەی تاڵەبانی و بارزانی کە ئەوەندە بەربەریانە و چەپەڵ بوو دیلی یەکتریان ئەتک دەکرد و یەکتریان بە “جاشی کلک زەرد و جاشی ٦٦” ناودەبرد. ویستیان بە کوشتاری ئەو هاوڕییانە و پەلاماردانی حزبەکەیان، کوسپێک لەبەردەم ئەوە لابەرن کە تاڵەبانی و حزبەکەی بۆ خۆشخزمەتی ئەمریکا کوردستان لە سەرگەردانیدا راگرن. مەبەست لەو کوشتارە خنکاندنی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک بوو بەرامبەر یاریکردنی دوو حزب و دوو بنەماڵە بە نان و ژیان و ئیرادە و چارەنوسیان. ئەمانە هۆکاری راستەقینەی کوشتنی ئەو هاوڕێیانە بوون، جگە لەمە سەرجەم پڕوپاگەندەی یەکێتی و قەڵەمە خۆفرۆشەکانی، هەرچیان بۆ پاساوی ئەم تاوانە دەگووت بە ئەندازەی نوکە دەرزیەک راستی تیا نەبوو.
ئەوکات ١٠ ساڵێک دەبوو ئەم دوو حزبە هەموو موقدەراتی خەڵکیان کردبوو بە بارمتەی سەردانەواندن بۆ سیاسەت و دەسەڵاتی میلیشیاییان. دوو حزبی بۆرژوازی دەسەڵاتدار چەواشەکارانە هەموو دەرد و محنەتەکانی خەڵکیان بە ساوایی حکومەت و ئەزمونە “دیموکراسیەکەیان” پاساویان دەدا و مێشکی خەڵکیان بەوە دەشۆردەوە کە تەنها کات و سەبری خەڵکیان پێویستە بۆ ئەوەی خەونەکانیان بەدیبهێنن. لە پاڵ ئەم چەواشەکاریەوە پێویستیان بەوە بوو کە هەر دەنگێکی ناڕەزایەتی سەرکوت و ئەوانەش کە ئەم چەواشەکاریە بۆ خەڵک روون دەکەنەوە کوشتار بکەن. هاوڕێیانی ئێمە گیانی خۆیان نایە پێناوی پەیامی بەرگری لە ئازادی و مافی ستەمکێشان و بە ئاگاهێنانەوەیان لە چەواشەکاریەکانی حزبە بورژوازیەکان. ئێستا چارەکە سەدەیەک زیاتر بەسەر تەمەنی دەسەڵاتە داسەپاوەکەیان تیپەڕدەبێت و خەڵکی کوردستان وەکو رۆژی رووناک راستی پەیامەکەی (شێخ عەبدول و هاورێ و محەمەد و ئیبراهیم و ئومید) دەبینن. دەرد و مەینەتەکانی خەڵک لە سایەی دەسەڵاتی ئەم دوو بنەماڵەیدا لە چاو ساڵی ٢٠٠٠ زیاتر بووە کەمتر نەبووە. دوای چارەکە سەدەیەک روون و ئاشکرایە کە هەژاری و نەداری و مەحرومیەتی خەڵک پێشمەرجی نقوم کردنی دوو بنەماڵە و دەستوپێوەندەکانیان و چینی بورژوازی کورد بوو لە ناو قەڵای سەروەت و ساماندا. هاوڕێیانی ئێمەیان تیرۆکرد و هەڵسورانی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریان قەدەغە کرد چونکە کۆسپ بوون لەبەردەم ستەمکاری و زەوتکردنی ماف و ئازادی و لوشدانی داهاتی کۆمەڵگەدا. پەلاماردانی ئەم حزبە تەقەلایەکی رێگا خۆشکردن بوو بۆ ئەوەی کە ئێستا تەنها سامانی کەڵەکەکراوی دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بەشی نیوسەدەی ژیانی تیروتەسەلی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات. چارەکە سەدەیەک تێپەڕی بەڵام نەک هەر خەبەرێک لە خەونەکانی خەڵک نییە، بەڵکو دەبێ چەند جیلی داهاتوش قەرزی تاڵان و بڕۆی ئەم حزب و بنەماڵە بورژوازیانە بدەنەوە.
چەند مانگ بەر لەو کوشتارگەیە حزبەکەی تاڵەبانی و نەشیروان شکاتنامەیەکیان لە دژی حزبی کۆمۆنیست دا بە دادگا کارتۆنیەکەی خۆیان و داوایان کرد هەڵسوڕانی قەدەغە بکریت، لەو بەڵگانەی حزبی کۆمۆنیستیان پێ تاوانبار کردبوو ئەمانە هاتبوون: ١-یاساکانی ئەحوال شەخسی رژێمی بەعسی هەڵوەشاوە راگەیاندوە و یاسای یەکسانی مافی ژن و پیاوی لە جێگای داناوە. ٢- پێداگری لەسەر جیابوونەوەی کوردستان دەکات. ٣-یەکێک لە کادرانی رابەریان راشکاوانە وتووێتی ئێمە ئەم دنیایە دەگۆڕین. ئەمانە کە بۆ هەر هاوڵاتیەکی شەرافەتمەند و ئازادیخوازی کوردستان مایەی شانازین، لای حزبەکەی تاڵەبانی و نەوشیروان بە تاوانی گەورە هەژماردەکران! ئەو شکاتنامەیە کەوتە بەردەم نەفرەتی رای گشتی ئازادیخوازانە لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستیش جەسورانە لەسەر هەڵوێستەکانی خۆی راوەستا. سەرئەنجام ئەو پیلانە بۆ قەدەغەکردنی ئەم حزبە دووچاری شکست و ریسوایی بووەوە. بەڵام تاڵەبانی و نەوشیروان لە پیلانگێڕی دژی حزبی کۆمۆنیست بەردەوام بوون، چەند مانگ دوای ئەوە کەوتنە شەڕفرۆشتن بەم حزبە بە بەهانەی بردنە دەرەوەی بارەگای چەکدار لە شارەکان. لە کاتێکدا یەکێتی و لایەنە ئیسلامی و قەومیەکان، دەیان بارەگای چەکدار و لە راستیدا سەربازگە و جبەخانەیان لە ناو شارەکاندا هەبوو، کەوتنە گەڕکردن بە ئۆفیسی رابەری حزبی کۆمۆنیست کە تەنها چەند دەستەی پارێزگاری رابەری و بارەگەکەی لێبوو. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ بڕینی بەهانەیان لە کاتێکدا وەفدی رابەری حزبی کۆمۆنیست لەگەڵ نەشیروان مستەفا گفتوگۆیان کرد و لەسەر چارەسەری کێشە رێککەوتبوون، لەو فەزایەدا بۆسەیان بۆ ئەو هاورییانە نایەوە و گولەبارانیان کردن. تەنانەت یەکێک لەوان کە بە زیندوێتی کەوتبوە دەستیان، بە فەرمانی نەوشیروان لە خەستەخانەی فریاکەوتن بە لەقەی “قارەمان”ەکانی ئاسایش گیانی سپارد. نەوشیروان بە چاولێکەری لە ملازم محسن لە تاریکی شەودا هاوڕێیانی ئێمەی خستە ژێر گڵەوە و تەنانەت رێگای نەدا پرسەیان بۆ دابنرێت. دوای ئەوەش تا ئیستاشی لەگەڵ بێت باسی بردنەدەرەوەی بارەگای چەکدار ئاسەواری نەما!!
نەوشیروان کە ناسرابووە بە راشکاوی بە تایبەت لە تاواندا، بە وەفدی حزبی کۆمۆنیستی وتبوو “رژێمی بەعس و جمهوری ئیسلامی فشاریان بۆ هێناوین کە لێتانبدەین”، دەربڕینەکەی راشکاو بوو، ئەم دوو رژێمە دڕندەیە دەبێ چۆن و لەبەرامبەر چیدا بتوانن فشار بۆ یەکێتی وتاڵەبانی بهینن؟ دەبێ چی تربێت جگە لە پڕکردنی جعبەکانیان؟ مانای سادەی ئەمە ئەوەیە کە هاوڕێیانی ئیمەیان کوشت بۆ ئەوەی مەئموریەتی ئاغاکانیان جێبەجێ بکەن و لەبەرامبەریشدا نوقڵانەی چەک و پارە وەرگرن. داواکەی ئەو دوو رژێمەیان جێبەجێ کرد، بۆیە یەکسەر رەمەزانزادەی ئوستانداری کوردستان لە رێگای حەمەی حاجی مەحمودەوە سوپاسنامەیەکی کرد بە خەڵاتی جەلال تاڵەبانی و ئەو خەڵاتە لە رۆژنامەی رەسمی جمهوری ئیسلامیەوە بڵاوکرایەوە. ئەمرۆش لە یادی ئەو تاوانە خەڵاتکراوەدا، تاڵەبانی بۆ جەوگۆڕین لای خەڵاتبەخشەکانی تاران میوانە. چەندین ساڵیشە شکاتی حزبی کۆمۆنیست لەسەر مێزی دادگای سلێمانیە. نەوشیروان کە رۆژ تا ئێوارە سوێندی بە “سەروەری یاسا” دەخوارد، تا مردن یەک جاریش ئامادە نەبوو بڕواتە بەردەم دادگا و ئیفادەی خۆی بدات. ئەمە کارتۆنی بوونی دادگاکەیانی نیشاندا. بەداخەوە تەمەن بواری نەدا نەوشیروان لە دادگایەکی شۆڕشگێڕانەدا لەسەر ئەو تاوانە و دەیان تاوانی دیکە دادگایی بکرێت. خۆزگە تەمەن بواربدات و تاوانبارانی دیکەی ئەو تاوانە و چەندین کوشت و کوشتاری تر، رۆژێک پەلکێشی دادگای شۆڕشگێڕانەی جەماوەری بکرێن.
ئەوان بە شێوەیەکی رەزیلانە هاوڕێیانی ئێمەیان تیرۆرکرد، بەو بەڵگە سادەیە کە لە گفتوگۆی نێوان رابەری هەردوولادا لەسەر چارەسەری کێشەکە و بەهانەگیری ئەوان رێککەوتن کرابوو، بۆیە ئیتر فەزای شەڕ لە نێوان نەمابوو. ئەوان بە دوور لە هەر جۆرە پرەنسیپێکی سیاسی لەو فەزایەدا ناجوامێرانە دەستیان وەشاند. هاوڕێیانی ئێمە گیانی خۆیان بەختکرد، بەڵام پەیامەکەیان هەر زیندوە و زیندوش دەمێنێتەوە تا تەخت و تاجی ستەمکاران سەرەوژێر دەکرێت. ئەو راستیانەی کە تا ساڵی ٢٠٠٠ ئێمە بە زەحمەتێکی زۆر و بە فیداکاری هەوڵماندەدا لە خەڵکی بگەیەنین، ئێستا بوون بە وێردی سەرزمانی ملیۆنەها کرێکار و ماموستا و فەرمانبەر و ژن و لاوی کۆمەڵگە، روخاندنی دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچی و میلیشیایی ئەم حزبە بۆرژوایانە لە ئاستی ملیۆنیدا بووە بە ئاوات و ئارەزوویەکی جەماوەری، ئەمە ئیتر بریاری جەماوەری کرێکار و ستەمدیدەیە و جێبەجێ کردنی تەنها لەسەر کات و خۆئامادەکردنی ئەم جەماوەرە ماوە.

١٤تەموزی ٢٠١٧

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here