ئەوەی دەبێ سزا بدریت دەسەڵاتە نەک مامۆستا

0

رێبوار ئەحمەد:

خۆشبەختانە رۆژبەڕۆژ بەرچاوی خەڵکی کوردستان لە ئاست ئەو راستیە روونتر دەبێتەوە کە دەسەڵاتی بنەماڵەکانی بارزانی و تاڵه‌بانی و دەست و پێوەندەکانیان، نە بە قسە و بە ناڕەزایەتی دەربڕین لە یەخەی ئەم خەڵکە نابێتەوە و هیچ جۆرە چاکسازیەکیش هەڵناگرێت. رونبوونەوەی ئەم راستیە زۆر بەنرخێکی گران لەسەر ئەم خەڵکە تەواو بوو. بە نرخی چارەکە سەدەیەک تاڵان و بڕۆ، شەڕ و کوشتار، تیرۆر و داپڵۆسین، دەسکەلایی بۆ دەوڵەتانی کۆنەپەرست و باراندنی کارەسات بەسەر خەڵکدا، پەرەپێدانی بیر و نەرێتی کۆنەپەرستانەی نەتەوەپەرستی و قوڵکردنەوەی ئاشوبی قەومی، داسەپاندنی کۆنەپەرستی ئیسلامی و برەودان بە کۆیلایەتی و ژن کوشتن، ئەم لیستە لەژماردن نایات و تەواو نابێت. تاکە رێگای رزگار بوون لە نەهامەتی و گێچەڵی دەسەڵاتی بۆرژوازی قەومی و بنەماڵەیی ئەمانە، ئەمرۆ بێت یان سبەی تەنها و بە تەنها لەگرەوی هاتنەمه‌یدانی سەرتاسەری خەڵکی ستەمدیدەیە بۆ راماڵینی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و تاڵانچی و کۆنەپەرستانەیە. هەموو جۆرە خەباتێکی رۆژانەی جەماوەری بەشمەینەت لەدەوری داخوازیە دیاریکراوەکان، سەرئەنجام هەر دەبێت رووی لە خۆئامادە کردن بێت بۆ ئەو رۆژی حیسابە و نزیک کردنەوەی ئەو رۆژە.

دەسەڵاتێک کە ئەنجامدەری سەدان و بگرە هەزاران تاوانی گەورە و ئاشکرا و حاشا هەڵنەگرە بەرامبەر خەڵک، ئێستا هەڕەشەی سزادانی مامۆستایان دەکات لەسەر ئەوەی بۆ سەرەتاییترین مافی خۆیان مانیان گرتووە. ئەگەر بڕیار بێت لەم کۆمەڵگایەدا لەسەر ئەنجام نەدانی فەرمان سزا بسەپێنرێت، ئەگەر لەم کۆمەڵگایەدا هیچ یاسا و دادگا و پێوانەیەکی عادلانە لە ئارادا بێت، دەبێ بەر لە هەموو کەس ئەو دەسەڵاتە تاڵانچیە سزا بدرێت کە فەرمانی سەرشانی لە دابینکردنی موچەی ئەوانەی کاری بۆ دەکەن ئەنجام نادات. دەبێ سزای ئەوانە بدرێت کە چارەکە سەدەیەکە هەموو داهاتی ئەم کۆمەڵگایە بە نەوتی ئەم چەند ساڵەشەوە لوش دەدەن و ژێر زەمینی ماڵەکانیان لێواولێو بووە و لێشاویشی نێردراوە بۆ بانکەکانی جیهان. دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵه‌بانی کە هیچیان بە هەموو تەمەنیان نەیانزانیوە کار و کاسبی چیە، ئیستا لە گەورە ملیاردێرەکانی جیهانن و نەخۆیان و نەهیچ کەس حیسابی سەروەتیان نازانێت. ئەگەر نیوەی ئەوەی لەم خەڵکەیان دزیوە بگێڕدرێتەوە بۆ خەڵک، بەشی دەهەیەکی ژیانی تێرو تەسەلی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات. کەچی ئەوەندە شعوریان نیە کە لانی کەم بە شێک خۆشی و ژیانی شاهانە و کەژاوەی بێئەمسەرو ئەوسەرەوە، زەق زەق تەماشای چاوی ئەو خەڵکە نەکەن کە برسی و بێدەرەتانیان کردوون.

خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان دەتوانێ و دەبێ کۆتایی بە نەهامەتی سایەی ئەم دەسەڵاتە کۆیلەگەرە بهێنێ. بەڵام یەکێک لە مەرجەکانی سەکەوتنی ئەم خەباتە و نەخشاندنی ئایندەیەکی ئازاد و درەوشاوە، تێپەڕاندن و وەلانانی دوو ئاستەنگی سەرەکیە لە ئاسۆی سیاسی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریەدا؛
یەکەم: هێشتا ئەم بزوتنەوەیە نەیتوانیوە تەواوی ئەم دەسەڵاتە بەهەموو لایەنەکانی بگرێتە نیشان. کە لە پارتی توڕە دبێت و نەفرەت لە دەسەڵاتی دەکات، دەکەوێتە بۆسەی یەکێتیەوە. کە لە یەکێتی توڕە دەبێت دەکەوێتە بۆسەی گۆڕان و کۆنەپەرستانی ئیسلامیەوە. لە کاتێکدا دەیان جار هەموویان ئەو راستیەیان سەلماندوە کە هەرکام لەمانە توڕەیی و ناڕه‌زایەتی خەڵک تەنها وەکو کارتی فشار لەسەر بەرامبەرەکانیان بەکار دەهێنن بۆ سەپاندنی مەرامی کۆنەپەرستانەی خۆیان. ئەمانە هەموو بەشداری دەسەڵات و بە تاڵان بردنی قوتی خەڵکن، هەر کامیان بە ئەندازەی دەستڕۆیشتوویی خۆی لەم تاڵانەی بردووە.

یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان کە ریاکارانە وایان نیشان دەدا کە لە پشتی ناڕەزایەتی خەڵکن بۆ ئەوەی پارتی بهێننە ژێر باری مەرامەکانی خۆیان، ئەمڕۆ خەریکی پاشقول گرتنن لە مامۆستایان و فەرمانبەران و بە هەموو جۆرێک پەلەقاژە دەکەن بۆ شکاندنی مانگرتنەکانیان. خەباتێکی رزگاریخواز لە گرەوی ئەوەدایە پەی بەم راستیانە ببرێت و ریزی خۆی لە هەموو ئەم شەریکە تاڵان و سەوداگەرانە بە خوێن و خەباتی خەڵک جیا بکرێتەوە و هەڵپێچانی دەسەڵاتی هەموویان بکرێت بە ئامانجی خۆی.
دووەم: هێشتا ئەم جەماوەرە ستەمدیدیە، دوای چارەکە سەدەیەک لە دەسەڵاتی کوردایەتی و ناسیۆنالیزمی کورد و کارەساتەکانی، بە داخەوە هەر نەیتوانیوە بەباشی پەی بە تلیاکی ناسیۆنالیزم و قەومپەرستی بەرێت. هێشتا سەنگەری خەبات دژی ئەم دەسەڵاتە ناسیۆنالیستی و خۆماڵیە، نوقمی وەهمی ناسیۆنالیستیە. کوردایەتی و نەتەپەرستی بۆ ئەوان ئەو خێرەی هەیە کە ناکۆکی لە چارە نەهاتووی کرێکار و سەرمایەدار بشارێتەوە، چەوسێنەر و چەساوە وەکو برای نەتەوەی نیشان بدات، دەسەڵاتی بیرۆکراسی بۆرژوازی وەکو دەسەڵاتی خۆماڵی خەڵک وێنا بکات، بەرژەوەندی ناکۆک و دژ بە یەکی چینی چەوساوە و چینی چەوسێنەر لە ژێر پۆششی پوچی هاونەتەوەییدا بە یەک بگرێت و دەستی خەباتی سەربەخۆی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە پشتەوە ببەستێتەوە. هەر لەبەر ئەم خێر و بەرەکەتەی ناسیۆنلیزمە بۆ ئەوان کە هەموو میدیا و پەروەردە و مزگەوت و راگەیاندنیان لەسەر پەرەدان بەناسیۆنالیزم و نەتەوە پەرستی و بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی کار دەکەن. تەنانەت کاتێک خەڵک دەگاتە لوتکەی ناڕەزایەتی لەم دەسەڵاتە، جارێکی تر ناسیۆنالیزم بە ناوێکی تر و لە بەرگێکی تردا دێتەوە وێزەی ئەم خەڵکە و دەیەوێ ئەو تلیاکەیان دەرخوارد بدات کە ئەمانە ناسیۆنالیزمی راستقینە نین. بەڵام لەڕاستیدا ئەمانە نوێنەری راستەقینەی ناسیۆنالیزمن. ناسیۆنالیزم هەر ئەمەیە کە چارەکە سەدەیەکە ژیانی ژێر سایەی دەسەڵاتەکەی بە نرخێکی گران تەجروبە کراوە. ئەوە تەنیا ناسیۆنالیزمی کورد نیە، کە دەسەڵاتەکەی کۆنەپەرست و سەرکوتگەر و تاڵانچی و دژە ئازادی و دژە ژنە، بەڵکو هەموو ناسیۆنالیزمێک هەر وایە. هەر لەم چوار دەورەماندا ئەگەر چاوێک لە دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی عەرەب و تورک و فارس بکەین، بە هەر جیاوازیەکەوە کە زادەی هەلومەرجەکانی کۆمەڵگاکانە، لە ناوەرۆکدا هەمان قوماشی ناسیۆنالیزمی کوردن. خەباتی ئازادیخوازانە ئەگەر شانی خۆی لە ژێر ئاسۆی ناسیۆنالیستی کورد دەرنەهێنێ، ئەگەر ئەم تلیاکە خڵەفێنەرە توڕ هەڵنەدات، ئەگەر لە جیاتی ناسنامەی کۆنەپەرستانە و دەسکردی میللی پێداگری لەسەر ناسنامەی ئینسانی نەکات، ئەگەر نەتوانێ لەو دیوی وەهم و ئایدۆلۆژی خەڵەتێنەرانەی نەتەوە پەرستیەوە ناکۆکی لە چارە نەهاتووی بەرژه‌وەندی و ئامانجەکانی کرێکاران و جەماوەری ستەمیدە لە بەرژه‌وەندی و ئامانجەکانی بۆرژوازی کوردی بە رۆشنی ببینێ، ئەگەر نەتوانێ لە جیاتی سرودی نەتەوە پەرستانەی “ئەی رەقیب” سوردێکی ئنیسانی و پێشکەوتوانە و یەکسانی خوازانە بۆ ئازادی بخوێنێت، ناتوانێ بە داهاتویەکی شاد و خۆشگوزەران و ئازاد بگات. سەنگەرێکی گرنگی ئەم خەباتە سەنگەری هەوڵدانە بۆ پێچانەوە و توڕهەڵدانی ئاسۆ و وەهمی ناسیۆنالیزمی کورد.

بزوتنەوەی ناڕەزایەتی ئێستا پێویستی بەوەیە بەم دیدە رەخنەگرانیە لە ناسیۆنالیزمی کورد متوربە بکرێت. ئەم خەباتە بەم ئاسۆیەوە دەبێ سەرتاسەری کوردستان بگرێتەوە. هەروەها ئەم رۆژگارانە دەبێ زۆر ساز و ئامادە بێت، دەسەڵاتی گەندەڵ و تاوانکاری ناسیۆنالیزمی کورد، بۆسەیەکی گەورەی بۆ ئەم ناڕەزایەتیە ناوەتەوە. بانگیشەی سزادانی مامۆستایانی ناڕازی، تەنها هەڕەشەیەک نیە لە مامۆستایان، بەڵکو دەیانەوێ بیکەن بە عیبرەت بۆ هەر بەشێکی کۆمەڵگا کە سبەی لە دەسەڵاتی تاوانکارانەی ئەم ناسیۆنالیزمە کە ئەمڕۆ خۆی لە دەسەڵاتی دوو بنەماڵەدا بەرجەستە کردووە، یاخی بێت. ئەم بانگێشە وکەمینە پێویستە بکەوێتە بەردەم ناڕەزایەتی فراوانی هەموو خەڵکی ئازادیخوازەوە. پێویستە دەرسی عیبرەت بە دەسەڵات بدرێت. ئەگەر یاسایەکی عادلانە لە کۆمەڵگادا باڵادەست بێت، دەبێ ئەم دەسەڵاتە تاوانکارە سزا بدات، دەبێ سەروەتی دزراوی خەڵک لەم دوو بنەمایەڵەیە و دەست و پێوەندەکانیان وەربگرێتەوە، دەبێ سەرانی دەسەڵات دادگایی و لە زیندان توند بکات. خەباتی ئازادیخوازانەی جەماوەری ستەمدیدە دەبێ رووی لە بەرپاکردنی دەسەڵاتێک بێت کە ئەمە بکات بە پەیام و کارنامەی خۆی.

١٢-١١-٢٠١٦

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here